ڕه‌چه‌ڵه‌کی خوێندکار له دێڕی «بزاڤی خوێندکاریی کوردی»دا چیه و ناسکاری خوێندکار ھه‌ڵگری کام ئاڕاسته‌ی ئایدۆلۆژیکه؟ دیالێکتیکی بوونی بزاڤی خوێندکاریی کوردی له پێوه‌ندیه‌کی نابه‌رابه‌ر و یه‌کلایه‌نه‌دا تووشی گرفت ئه‌بێت. بزاڤی خوێندکاریی کوردی به چ واتایه‌ک رادیکاڵهو ئه‌م رادیکاڵیزمه چۆن ده‌توانێ پێشکه‌وتوو یان پارێزگارخواز بێت. ئیستراتژی گشتی و تایبه‌تی بزاڤی خوێندکاریی کوردی چیه و ھه‌روه‌ھا ده‌رکه‌وته‌و کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌م بزاڤه کامانه‌یه؟ کارگێڕانی بزاڤی خوێندکاری ئه‌و که‌سانه‌ن که له رێگای ئه‌زموونی خوێندکاریه‌وه به ئه‌زموونی سیاسی گه‌یشتوون و به‌م پێیه زۆربه‌ی ئه‌زموونه سیاسیه‌کانی خوێندکاران له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌زموونی خوێندکاریدان. گوتار و تیوری بزاڤی خوێندکاریی کوردی چیه و چ ئیستراتژێک له چوارچێوه‌ی ئه‌م گوتارانه‌دا سه‌رھه‌ڵدێنێ ؟ سه‌رقافڵه‌بوون و نوێنه‌رایه‌تیکردن له بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه نوێکاندا چۆنه و ئه‌م بابه‌ته له چوارچێوه‌ی بزاڤی خوێندکاریی کوردی‌دا چۆن ھه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ ؟
A
بزاڤی خوێندکاریی کوردی خۆی له خۆیدا چه‌مکێکی پارادۆکسیاڵه و ھه‌ڵگری دژوازهیهکی شاردراوه‌یه. له‌م دیڕه‌دا له بزاڤه‌وه ده‌س پێده‌که‌ین و به کورد ده‌گه‌ین واته له دیارده‌ی بزاڤه‌وه که دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌س پێده‌که‌ین و ده‌گه‌ین به شوناسێکی ئه‌تنیکی و ناسنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی دیاریکراو.ئه‌م بڕیاره به‌و واتایه که سه‌ره‌ڕای گرێدراوی ئه‌م دوو چه‌مکه خوێندکار ته‌نیا له بازنه‌یه‌کی یه‌کلایه‌نه‌دا نامێنێته‌وه. به حوکمی پێکھاته‌ی دێڕه‌که خوێندکار وه‌کوو بکه‌ر یان سووژه ده‌رناکه‌وێ ئه‌مه له حاڵێکدایه که ئاراسته‌ی ئایدۆلۆژیکی دێڕه‌که له پێناوی به‌رزاندن و گشتاندن و به مه‌به‌ست گه‌یاندنی خوێندکاردایه. گوتاری زاراوه‌ساز له پێک‌ھێنانی ئه‌م دێڕه‌دا ئه‌وه‌نده سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه و ئامانج و ئارمانی گوتاره‌که‌ی ھه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاشکرا کردووه. لێره‌دا پێکھاته‌ی دێڕه‌که پێمان ده‌ڵێ خوێندکار ته‌نیا دوو وشه‌ی بزاڤ و کورد پێکه‌وه گرێ ئه‌دات و له راستیدا له‌وه زیاتر ئه‌رکێکی پێ ناسپێردرێ. خوێندکار ته‌نیا له واتای گرێده‌ری دوو چه‌مک یان دوو لایه‌نی عه‌ینیدا دێته ئاراوه و له‌وه زیاتر ده‌نگێکی پێ ھه‌ڵنابڕێ. که‌وایه ده‌بێ له کرده‌وه‌شدا خوێندکار ئه‌رکی گوتاریی دابینکراوی خۆی به‌ڕێوه ببات واته پێوه‌ندیدانی بزاڤ به کورده‌وه یان له روویه‌کی راستتردا خوڵقاندنی بزاڤی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی کوردی .
B
ته‌واوی بزاڤه خوێندکاریه‌کان، خوێندکار به سووژه‌یه‌کی رزگاریده‌ر داده‌نێن. واته خوێندکار ئه‌و بکه‌ره مێژووییه‌یه که به پێی ئاگایی و ھوشیاری ئاوانگاردی خۆی کرده‌وه‌یه‌کی رادیکاڵ ده‌رده‌بڕێ و له گۆڕاندنی دۆخی داسه‌پاو و به‌ستوودا ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕێ. له‌م سۆنگه‌وه خوێندکار به‌دیھێنه‌ری بزاڤه و ته‌واوی سنووره ره‌گه‌زییه‌کان ده‌به‌زێنێ. ناسکاری خوێندکار بکه‌رێکی مێژووییه که تهنگهبهرییه پێکھاته‌ییه‌کان ده‌ناسێ و بنهماشکێنییان ده‌کات.
به‌ڵام له فورمووڵی « بزاڤی خوێندکاریی کوردی»ی‌دا خوێندکار ده‌وری بکه‌ر و ناسکاری ئه‌کتیڤی لێ داماڵراوه و ته‌نیا له حاڵه‌تێکی ھێمایی و ره‌مزیدا خاوه‌نی ئه‌و رۆڵه‌یه .
بزاڤ سه‌ره‌تایه و ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ش له پێناوی ورووژاندنی ھه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی مرۆڤانێکدا دێته ھه‌بوون. شوناسی خوێندکار به‌رھه‌می ناخودئاگایهکی کۆمه‌ڵیه و بێئهملاولا له رێگای په‌ره‌پێدان و به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی خواستی ئه‌و شوناسه ھهڵدهسووڕێ. خوێندکار ته‌نیا ئه‌و جه‌سته‌یه که رۆحی نه‌ته‌وه ( nation ) له‌وێدا دێته نواندن و ئه‌رکی مێژوویی خۆی له ھه‌ڵگیرسانی بزاڤ یان (( شه‌ڕ/خه‌بات ))ێکدا بۆ سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه به‌ڕێوه ئه‌بات. ھێگل به‌رزترین ئاستی به‌ئه‌نجامگه‌یشتنی رۆحی جیھانی « گایست » له ده‌وڵه‌تدا دۆزیه‌وه و ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی ئه‌و کاتی پرووس، ئێمه‌ش لایه‌نگران و دووپاتکهرهوانی زاراوه‌ی « بزاڤی خوێندکاریی کوردی » سه‌رھه‌ڵدانی ئه‌م رۆحه له جه‌سته‌ی کورددا ده‌بینین ؛ ئه‌ویش بزاڤی کوردی و زۆر ئه‌ولاتر بڕۆین : بزاڤی (خوێندکاریی) کوردی .
C
« بزاڤی خوێندکاریی کوردی » که قه‌باره‌ی ھه‌نووکه‌ییدا خاوه‌نی ره‌وتێکی دیالێکتیکی نیه. خوێندکار خۆی له خۆیدا پێوه‌ندی به گشتێکی دیالێکتیکیه‌وه ھه‌یه به‌ڵام له نێوان سه‌رو ژێرێکی ئاوه‌ھادا میکانیزمی دیالێکتیکی لێ بزر ده‌بێت. سووژه‌ی خوێندکار له ھه‌مبه‌ر ئۆبژه جیاوازه‌کاندا ئه‌وه‌ستێته‌وه و مشت‌ومڕ و ململانێی به‌رده‌وامیان له گه‌ڵ ئه‌کات. ئه‌و ئۆبژانه ھه‌م ئۆبژه‌ی زه‌ینی ده‌گرێته‌وه(گوتار) و ھه‌میش ئه‌و ئۆبژه عه‌ینیانه (پێکھاته) که به حوکمی گوتارێک داچه‌قیون و پێوه‌ندی نابه‌رابه‌ریان خوڵقاندوه. سووژه‌ی خوێندکار له دژایه‌تی (conflict ) ناسکاری خوێندکار له ھه‌مبه‌ر ده‌ورووبه‌ری له شێوازێکی پێناسه‌کراو و رێکداردا به قۆناغێکی ریفورمخوازانهدا تێده‌په‌ڕێت و به چاکه‌سازی، گشتێتی ( totality ) ده‌گۆڕێت .
به‌ڵام ئه‌م دژایه‌تییه له کاتی گۆڕاندن به شێوازی (contradiction) قۆناغێکی شوڕشگێڕانه داده‌ھێنێ که له‌وێدا گشتێتی له ریڤۆڵوشندا تووشی گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی ئه‌بێت. له ھه‌ر دوو حاڵه‌تی ریفورم و ریڤۆڵوشندا گشتێتی له پرۆسه‌یه‌کی دیالێکتیکیدا و به پێی خه‌باتێکی دیالێکتیکی ده‌گۆڕدرێت. به‌ڵام له وێژراوی «بزاڤی خوێندکاریی کوردی» خوێندکار ده‌وری سووژه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێت و ته‌نیا وه‌کوو ھه‌ڵگر و کۆڵبه‌ری پێکھاته‌و گوتار ده‌ور ده‌بینێ. لێره‌دا پێوه‌ندی له شێوازێکی دیالێکتیکی دوو جه‌مسه‌ری و چهندجهمسهریهوه ده‌گۆڕدرێ بۆ شێوازێکی نادیالێکتیکی تاک جه‌مسه‌ری که له‌وێدا پێکھاته یان گوتار باڵاده‌سته .
D
رادیکاڵیزم ؛ به واقیعکردنی ئاگایی ؛ ئه‌مه واتای سه‌ره‌کی رادیکاڵیزمه. ھه‌ر بزاڤێک له ھه‌ناوی خۆیدا چه‌شنێک رادیکاڵیزمی ھه‌ڵگرتووه و ئه‌مه به‌و واتایه که ته‌نانه‌ت بزاڤی پاشڤه‌ڕۆخوازانه که ویستی له‌مپه‌ردانان و رێگرتن له گۆڕانکاری و پێشڤه‌چوونه، خۆی له خۆیدا رادیکاڵه؛ له به‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌یھه‌وێ ئاگایی گیرساو و فهناتێکی خۆی بکا به واقیع واته به‌ربه‌ست بۆ پێشکه‌وتن دروست بکات. به‌ڵام ئه‌مه واتایه‌کی گشتی رادیکاڵیزمه و واتا تایبه‌تیه‌کی ئه‌و ره‌ھه‌نده روون ئه‌کاته‌وه که سیسته‌می داسه‌پاو و ھهبووندار ھه‌ڵوه‌شێته‌وه و وه‌لابنرێت. ھه‌ڕه‌شه‌ی ھهڵتهکانهوهی دۆخی سه‌پێندراو واتای تایبه‌تی رادیکاڵیزم پێناسه ئه‌کات. لێره‌دایه که ھه‌ر بزاڤێک به واتای تایبه‌تی ناتوانێ رادیکاڵ بێت. که‌وایه رادیکاڵیزم دوو ره‌ھه‌ندی گشتی و تایبه‌تی به خۆوه ئه‌گرێت؛ یه‌که‌م به واقیعکردنی ئاگایی و دووھه‌م نه‌لێکردنی دۆخ و رێکداری سه‌پێندراو.
لایه‌نی یه‌که‌م لایه‌نێکی ھیگێلیه که دواتر له به‌رھه‌مه‌کانی مارکۆزه‌دا ره‌نگ ئه‌داته‌وه به‌ڵام لایه‌نی دووھه‌م سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که پێوه‌ندیه‌کی به میتۆدی دیالێکتیکی ھێگێلیهوه ھه‌یه، به ته‌واوی میتودێکی مارکسیستیه. جیاوازی ئه‌م دوو لایه‌نه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی ئایدیالیستی بوون یان ماتریالیستی بوونی میتودهکان. لایه‌نی یه‌که‌م زه‌ین واته سووژه ده‌کاته پێگه‌ی ره‌خنه و نه‌لێکردنی ئۆبژه واته جیھانی واقیع. به‌ڵام لایه‌نی دووھه‌م دژوازی و ناته‌باییه‌کانی جیھانی عه‌ین به سه‌رچاوکه و ئاخێزگه‌ی ره‌خنه و نه‌لێکردن داده‌نێت. له گوتاری مارکسیستیدا ھێزی به‌رھه‌مھێنان و پێوه‌ندیه‌کانی به‌رھه‌مھێنان له دژایه‌تییه‌که‌ی به‌رده‌وامدان و ئه‌م دژایه‌تییه له ئاستی دژوازیدا( تناقچ ) ده‌بێته ھۆی گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له چه‌شنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، که‌وایه ئاگایی ره‌خنه‌گرانه‌ی ئێمه ئاکامی ئه‌و دژوازیهیه له نێوان ھێز و پێوه‌ندی به‌رھه‌مھێناندا. ئاگایی به‌رھه‌می دژوازییه‌کانی جیھانی واقیعه و دواتر ئه‌م ئاگاییه ھه‌وڵ بۆ به‌واقیعکردنی خۆی ئه‌دات واته نه‌لێکردنی پێوه‌ندیه‌کانی داسه‌پاوی جیھانی واقیع به پێی ئاگایی به‌رھه‌مھاتوو له دژوازیهکانی ئه‌و جیھانه.
E
« بزاڤی خوێندکاریی کوردی » به پێی واتای گشتی رادیکاڵیزم ده‌توانێ رادیکاڵ بێت، به‌ڵام به پێی واتای تایبه‌ت جێگای باس و تێڕوانینه، بزاڤی خوێندکاریی کوردی به‌رھه‌می دوو دژایه‌تی سه‌ره‌کیه ؛ یه‌که‌م دژایه‌تی نێوان کۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات، دووھه‌م دژایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکی.
سه‌ره‌کیترین ھۆکاری به‌دیھاتنی بزاڤه خوێندکاریه‌کان، دژایه‌تی و ناکۆکی نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگایه، به‌ڵام کێشه‌ی نێوان کۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات له شوێن/کاتی جیاوازدا شێوازی جیاواز به‌خۆ ده‌گرێت. له سیسته‌مێکدا که ھه‌ڵاواردنی ئابووری سه‌ره‌کیترین کێشه‌یه، بزاڤی خوێندکاری ئاراسته‌یه‌کی چینایه‌تی به خۆوه ده‌گرێت و له‌وێدا جه‌خت له سه‌ر خه‌باتی چینایه‌تی ده‌کرێت. به‌ڵام له سیسته‌مێکدا که ھه‌ڵاواردنی ئه‌تنیکی به‌رچاوتر و به‌ھێزتره، بزاڤی خوێندکاری ده‌بێته ھه‌ڵگری داخوازی ئه‌تنیکی و نابه‌رابه‌ری قه‌ومی به‌رجه‌سته ئه‌کاته‌وه، لێره‌دایه که پاشگری کوردی، تورکی، فارسی یان فه‌ره‌نسی بۆ بزاڤی خوێندکاری دێته ئاراوه.
بزاڤی خوێندکاری وه‌کوو ھه‌ڵگری کێشه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا، به ته‌واوه‌تی رادیکاڵه به‌ڵام وه‌کوو ھه‌ڵگری کێشه‌ی ئه‌تنیکی تا قۆناغێکی دیاریکراو (پله‌ی دووھه‌م) ده‌توانێ رادیکاڵ بێت. دوای تاوتۆی بوونی کێشه‌ی ئه‌تنیکی مه‌ترسی که‌وتنه داوی پارێزگارخوازی و پشتیوانیکردنی ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌و بزاڤه له ئارادایه. ئالێره‌دایه که ئاستێکیتر بۆ پێناسه‌ی رادیکاڵیزم دێته کایه‌وه که درێژه‌ی دوو قۆناغی یه‌که‌مه .
F
دوایین ئاستی پێناسه‌ی رادیکاڵیزم ده‌بێته ره‌خنه‌ی مه‌نفی (نیگه‌تیڤ) له دۆخ و رێکداری سه‌پێندراو. بزاڤی خوێندکاری له‌م ئاسته‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ھه‌وڵ بۆ به‌واقیعکردنی ئاگایی خۆی و لابردنی دۆخی داسه‌پاو ئه‌دات، ھیچ ئه‌ڵترناتیڤێک دیاری ناکات و به‌و پێیه ناکه‌وێته داوی به‌رژه‌وه‌ندی ھیچ لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه. له‌م ئاسته‌دایه که پێوانه‌یه‌کی کۆنکرێت بۆ ھه‌ڵسه‌نگاندنی رادیکاڵبوون یان نارادیکاڵبوونی بزاڤی خوێندکاری دێته کایه‌وه. ره‌خنه‌ی پۆزه‌تیڤ ھه‌رچه‌نده دۆخی سه‌پێندراو ره‌ت ئه‌کاته‌وه به‌ڵام ده‌که‌وێته داوی دۆخی ئه‌ڵترناتیو، به‌ڵام ره‌خنه‌ی نیگه‌تیڤ له چوارچێوه‌ی ھیچ دۆخێک‌دا ناوه‌ستێته‌وه و له ھیچ رێکداری و سیسته‌مێکدا تووشی پارستهبوون(انقیاد) و گیرساوی نابێت، به‌م پێیه سێھه‌م ئاستی رادیکاڵیزم ره‌خنه‌ی نیگه‌تیڤه که له ئه‌قڵی نیگه‌تیڤه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. بزاڤی خوێندکاریی کوردی تا ئه‌و ئاسته‌ی که دۆخی سه‌پێندراو ره‌ت ئه‌کاته‌وه رادیکاڵه به‌ڵام کاتێک به شێوه‌یه‌کی ئه‌رێیانه ده‌که‌وێته داوی ئهڵترناتیوێکهوه، له‌وێدا وزه‌ی رادیکاڵیستی خۆی له ده‌ست ئه‌دات و ده‌بێت به به‌شێک له پێکھاته‌ی سه‌پێندراو. به‌ھێزترین مۆتۆری ھه‌ڵسووڕێنه‌ری بزاڤی خوێندکاریی کێشه و دژایه‌تی نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگایه. له شوێن/کات ێکی تایبه‌تدا ئه‌م ھانده‌ره به‌ھێزه فۆرمێکی تایبه‌ت واته کێشه و دژایه‌تی ئه‌تنیکی به خۆوه ده‌گرێت و ده‌بێته « بزاڤی خوێندکاریی کوردی ». بزاڤی خوێندکاری کوردی تا سه‌رده‌مێک که تین و توانای خۆی له‌م دژایه‌تییه‌وه ده‌گرێت رادیکاڵ و پێشڤهڕۆخوازه به‌ڵام کاتێک پێوه‌ندی خۆی به‌م دژایه‌تییه‌وه ده‌پچڕێنێ فۆرمێکی گیرساو و پارێزگارخواز ده‌گرێته خۆ.
G
بزاڤی خوێندکاری (ره‌خنه‌ی نیگه‌تیڤ) --> بزاڤی خوێندکاریی کوردی (ره‌خنه‌ی نیگه‌تیڤ و پۆزه‌تیڤ)
بزاڤی خوێنکاری:
-
بزاڤی خوێندکاریی رادیکاڵ (ره‌خنه‌ی نیگه‌تیڤ)
-
بزاڤی خوێندکاریی کۆنسرڤاتیڤ (ره‌خنه‌ی پۆزه‌تیڤ)
H
رادیکاڵبوونی بزاڤی خوێندکاریی کوردی به پێی ھه‌ڵسووڕان و ھه‌ڵوێستگرتنی له ھه‌مبه‌ر دۆخی سه‌پێندراودا دیاری ئه‌کرێت. ئه‌گه‌ر بزاڤی خوێندکاریی کوردی له سه‌رچاوه‌ی خۆی که دژایه‌تی نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگایه داببڕێ و دواتر له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئهڵترناتیودا به ته‌واوی رێک بکه‌وێ، دیاره که ره‌خنه‌که‌ی ره‌خنه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ و ئه‌رێیانه بووه و بڕست و توانای نه‌لێکردنی نیگه‌تیڤی نه‌ماوه. ئالێره‌دایه که دژوازیه سه‌ره‌کیه‌کانی بزاڤی خوێندکاریی کوردی که پێشتر له A و B و C دا ئاماژه‌ی پێدرا ده‌رده‌که‌وێ و ده‌بێته ھۆی لاوازبوونی. وه‌کوو نمونه ده‌توانین به بزاڤه خوێندکاریه‌کانی باشووری کوردستان ئاماژه بده‌ین که به ھۆی دابڕانیان له کێشه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا تووشی ئیستحاله و دابه‌زاندن ھاتن و وزه و ھێزی ره‌خنه و چاکهسازییان لێ وه‌رگیرا.
به پێی ئه‌م مودێله بزاڤی خوێندکاریی کوردی پاشکۆی بزاڤێکی سهرهکیتره (بزاڤی خوێندکاری ) و دواتر به پێی میتودی ره‌خنه‌گرتنی ئاکامی رادیکاڵبوون یان کونسرڤاتیسمی بۆ دیاری ئه‌کرێت.
I
لۆژیکی سه‌ره‌کی بزاڤی خوێندکاریی به‌رگری له ھه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدایه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌ڵاتێکی شه‌به‌که‌ییه که خاوه‌نی یه‌ک شێواز و یه‌ک ئاراسته نیه به‌ڵکوو وه‌کوو تۆڕێکی فه‌زایی له ھه‌موو شوێنێکدا درێژ کراوه‌ته‌وه و دزه‌ی کردوه. ده‌سه‌ڵات شه‌به‌که‌یه‌کی بێ سنووره به‌ڵام له کاتی ده‌رکه‌وتن و به ئه‌نجام گه‌یشتندا له خاڵێکی دیاریکراو و سنوورداردا خۆی ئه‌نوێنێ. که‌وایه به‌رگری له ھه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵات له قه‌واره‌ی بێ فورم و بێ سنووردا، به‌رگریه‌کی بێ فورم و بێ ئاقاری پێویسته. واته ئه‌م به‌رگرییه ده‌بێت ھه‌ر له ژیانی ھهررۆژهوه تا وه‌کوو ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بگرێته‌وه و ته‌نانه‌ت خۆی له لایه‌نی ھه‌ره تاکه‌که‌سی و ھه‌روه‌ھا لایه‌نه قودسیه‌کانی مروڤ بئاڵێنێ.
لێره‌دا به‌رگری پێویستی به ئیستراتژیه‌کی تایبه‌ت، رێکخراو و دیسیپلیندار نیه به‌ڵکوو مرۆڤ ده‌توانێ به پێی ھه‌ست و ناسینی خۆی دژکرده‌وه‌یه‌ک له به‌رانبه‌ر کرده‌وه‌ی داسه‌پێنراوی ده‌سه‌ڵاتدا ببینێته‌وه. به‌ڵام ده‌رکه‌وته‌ی ده‌سه‌ڵات له چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراو و به کاپاسیتی و فۆرمێکی تایبه‌ته‌وه سه‌رھه‌ڵئه‌دات، لێره‌دایه که به‌رگری شێوازی تایبه‌تی، دیاریکراو، سنووردار و ئیستراتژێکی به‌رھه‌ستی پێویسته و ده‌بێت چه‌شنێکی تایبه‌تی به‌رگری به میکانیزمێکی تایبه‌ته‌وه ده‌سنیشان بکرێت. بزاڤی خوێندکاری خۆی بکه‌رێکی دیاریکراوه و پێویسته ئیستراتژیه‌کی به‌رگرانه‌ی دیاریکراوی له ھه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ھه‌بێت. ئیستراتژی به‌رگرانه‌ی بزاڤی خوێندکاری چیه ؟ به‌شێک له‌م ئیستراتژیه خۆی له ره‌وتی ره‌خنه‌ی نیگه‌تیڤدا ده‌بینێته‌وه که له لۆژیک و ئه‌قڵی نیگه‌تیڤ سه‌رچاوه ئه‌گرێت.
به‌ڵام به‌شێک له‌م لۆژیکه له میکانیزمی خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ((له ھه‌ر شوێنێکدا ده‌سه‌ڵات ھه‌بێت، به‌رگری ھه‌یه )). که‌وایه به‌رگری وه‌کوو ئیستراتژێکی گشتی بزاڤی خوێندکاری ھه‌ڵقووڵاوی لۆژیکی خودی ده‌سه‌ڵاته. ئه‌م ئیستراتژه خۆی به ده‌سه‌ڵاته‌وه ئاڵاوه و ناتوانێ لافی ده‌ربازبوون له ده‌سه‌ڵات یان دابڕانی ته‌واو له ده‌سه‌ڵات به واتای گشتی لێبدات. ته‌نیا ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵات بوه‌ستێته‌وه و ھیچ ھێزێکی به‌رگری نیه که له سه‌ر خاڵی داماڵراو و داتاشراو له ده‌سه‌ڵات خۆی بگرێته‌وه. (واتای گشتیی ده‌سه‌ڵات)
J
ئیستراتژی تایبه‌تی بزاڤی خوێندکاری له چوارچێوه‌ی گوتارێکی دیاریکراودا، سیسته‌می ده‌لالی خۆی به‌رھه‌م دێنێ. واته له‌م ئیستراتژهدا ھه‌وڵ ده‌درێ دالێک ھه‌رچه‌ند به شێوه‌ی رێژه‌یی و مێژوویی جێگیر بکرێت. سهقامگرتووکردنی دالێکی دیاریکراو له چوارچێوه‌ی ئیستراتژیه‌کی تایبه‌تدا، پێناسه‌یه‌کی تایبه‌ت له ده‌سه‌ڵات، چه‌شنی رووبه‌رووبوونه‌وه، ئامانجه‌کان و ھه‌روه‌ھا ویست و خواسته‌کان دێنێته ئاراوه. بزاڤی خوێندکاری له ئیستراتژی تایبه‌تی خۆیدا سنووردارکردنی خۆی له ھه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵات و لایهنهکانیتردا دێنێته به‌رھه‌م. له‌م سنووردارکردنهدا ھه‌وڵێک بۆ پێک‌ھێنانی شوناس یان پاراستنی شوناس ده‌درێت. ھه‌روه‌ھا له چوارچێوه‌ی ئیستراتژی تایبه‌تی بزاڤی خوێندکاری‌دا ھه‌وڵ بۆ دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات، رێگه‌خۆشکردن بۆ به‌شداری له ده‌سه‌ڵات و ھه‌روه‌ھا پاراستنی ئازادی راده‌ربڕین و ھه‌ڵس وکه‌وتکردن له به‌رچاو ده‌گیرێت. بزاڤی خوێندکاریی کوردی بێ گومان خاوه‌نی ئیستراتژی گشتی و تایبه‌تیه به‌ڵام له ھه‌ر دوو ئیستراتژهکهدا شێوازێکی تایبه‌تی ھه‌ڵبژاردووه که جیاوازی له ئیستراتژیهکانیتر ده‌رده‌که‌وێ. لێره‌دا ئیستراتژی گشتی له پێناوی ئیستراتژی تایبه‌ت دایه واته بزاڤی خوێندکاریی کوردی ئه‌وه‌نده تاکلایه‌نه بۆ ده‌سه‌ڵات ئه‌ڕوانێ که ناتوانێ وه‌کوو تۆڕێکی بێ سنوور چاوی لێبکات و ئیستراتژیه‌کی گشتی بێ فورم و بێ سنوور له ھهمبهریدا پێکبھێنێ. بزاڤی خوێندکاریی کوردی ده‌سه‌ڵات له خاڵێکی دیاریکراودا له شێوازی به ئه‌نجام گه‌یشتوو و ھه‌ڵھاتوو ده‌بینێ ھه‌ر بۆیه ته‌واوی واتای ده‌سه‌ڵات له قه‌باره‌یه‌کی کورت‌دا ته‌سک ئه‌کاته‌وه و پلانی ئیستراتژیکی به‌م پێیه تهسککراو و به‌رکورت ئه‌کاته‌وه. لێره‌دا ئیستراتژی گشتی ده‌بێته قوربانی ئیستراتژیه‌کی تایبه‌ت که ئه‌و ئیستراتژهش ئه‌وه‌نده لاواز و یه‌ک لایه‌نه‌یه که ناتوانێ پرۆژه‌یه‌کی به‌رگرانه‌ی به‌ھێز له ھه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ساز بکات. نه‌بوونی ھاوسه‌نگی له نێوان ئیستراتژی گشتی و تایبه‌تیدا وای کردوه که بزاڤی خوێندکاریی کوردی زۆرتر له چوارچێوه‌ی ھوتاڤ و لافلێدانێکدا بمێنێته‌وه‌و پتر له کرده‌وه له شێوازی نووسراوه و بابه‌تی زه‌ینیدا بێته ئاراوه. ئه‌وه‌نده که قسه له بزاڤی خوێندکاریی کوردی کراوه، کردار و ده‌رکه‌وته و کاریگه‌ری ئه‌م بزاڤه نه‌بینراوه، ئه‌وه‌نده که که‌سانێک خۆیان به پێشه‌نگی ئه‌م بزاڤه ناساندووه خودی ئه‌م بزاڤه پێشه‌نگی خۆی نهخۆلقاندووه و ھه‌روه‌ھا ئه‌وه‌نده که جووڵانه‌وه‌و بزاڤیتر به بزاڤی خوێندکاریی کوردی ناسێنراوه خودی ئه‌م بزاڤه راسته‌وخۆ و سه‌ربه‌خۆ له بزاڤه‌کانیتر شوناس و ھه‌بوونی خۆی ئاشکرا نه‌کردووه.
K
بزاڤی خوێندکاریی کوردی خاوه‌نی شوناسێکی له‌پێشه، واته ئه‌م شوناسه ته‌نیا ئاکامی ژیانی خوێندکاری و ئه‌زموونی رووبه‌رووبوونه‌وه له گه‌ڵ پێکھاته‌ی بیروکراتیک و ھه‌روه‌ھا ده‌سه‌ڵاتی نادیموکراتیک نیه به‌ڵکوو ئه‌م شوناسه پێشتر له جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌دا خۆی بینیوه‌ته‌وه که دواتر له چوارچێوه‌ی ژیانی خوێندکاری‌دا ئاشکرا ده‌بێت. که‌وایه بزاڤی خوێندکاریی کوردی نه‌یتوانیوه به‌رھه‌می ئه‌زموونی ژیانی خوێندکاری و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت، ھه‌ر بۆیه به‌رده‌وام له ژێر ھێژمۆنی گوتاری بهرھهمھێنهریدا چکۆله کراوه‌ته‌وه و گۆڕه‌پانی ململانێی به جێھێشتووه. ھۆکاره بهدیھێنهرهکانی بزاڤی خوێندکاری کوردی داھاتوو و ره‌وتی دواتری ئه‌و بزاڤه دیاری ده‌که‌ن لێره‌دایه که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بزاڤی خوێندکاریی کوردی له واقیعی خۆی داده‌ماڵرێ و به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی دیاریکراو له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌زموونی خۆیه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێت. (( کێشه‌ی ئێمه جیاوازه ))؛ ئه‌مه ته‌نیا رسته‌یه‌ک نیه بۆ خۆ دهربازکردن له ھه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بیروکراتیک و نادیموکراتیکدا به‌ڵکوو نیشانه‌یه‌کی سه‌ره‌کیه بۆ ئه‌وه‌ی که شوناسی بزاڤی خوێندکاریی کوردی به‌رھه‌می واقیعی ژیانی خوێندکاری نیه به‌ڵکوو به‌رھه‌می دۆخێکی له پێشه که له‌وێدا ھه‌ندێ توخمی تایبه‌تی له پێکھاتنی قه‌باره و میکانیزمی ئیستراتژی بزاڤدا ده‌ور ده‌گێڕن. ھه‌ڵویستی بزاڤی خوێندکاریی کوردی ھه‌ڵویستی راسته‌قینه‌ی خۆی وه‌کوو بزاڤێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه چ ئه‌و کاته‌ی که به‌شداریکردووه و ره‌وایی سیسته‌می سیاسی ساغکردوه‌ته‌وه و چ ئه‌و کاته‌ی خۆی ئیزۆله کردوه و ھه‌وڵیداوه به دووره په‌رێزی ره‌وایی سیسته‌می سیاسی تووشی ته‌نگژه و چه‌ڵه‌مه بکات.
L
بزاڤی خوێندکاریی کوردی ھیچ گوتارێکی بێجگه گوتاری نه‌ته‌وه‌یی نیه، ئه‌مه‌ش وایکردووه ئه‌م بزاڤه خاوه‌نی تیوری و ئیستراتژیه‌کی تایبه‌ت و دیاریکراو نه‌بێت و به‌رده‌وام وه‌کوو پاشکۆی تیور و ئیستراتژهکانیتر ھه‌ڵبسوڕێت و چالاکی بنوێنێ. له‌م بزاڤه‌دا سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی تیوری و ئیستراتژی، قه‌یرانی رێکخستن زۆر له به‌رچاوه. کاتێک ئیستراتژێک پشت ئه‌ستوور به تیوریه‌کی تایبه‌ت نه‌توانێ بێته ئاراوه، بێگومان ناتوانێ رێکخستن ساز بکات. واته رێکخستن و کۆکردنه‌وه کاتێک ده‌توانێ به‌رده‌وام بێت و له قه‌باره‌ی بزاڤێکدا چه‌قببه‌ستێت که چه‌مک و تیوریه‌کی تایبه‌ت بتوانێ داله خزه‌کانی خۆی سه‌قامگرتوو بکات و لانیکه‌م به شێوه‌یه‌کی رێژه‌یی ئه‌م سه‌قامگرتووییه بپارێزێ.
بۆ نمونه بزاڤی خوێندکاری مانگی مه‌ی 1968ی فه‌رنسا پشت ئه‌ستوور به تیوری رزگاریبه‌خشی مارکۆزه توانی ھه‌ندێ دالی خزی خۆی وه‌کوو (خۆنواندن )، (ئه‌نتی بیروکراتیسم ) و (حه‌زبردن ) بۆ ماوه‌یه‌ک سه‌قامگرتوو بکات و ره‌وتێکی کارناڤاڵی له نێو بزاڤی خوێندکاری‌دا بھێنێته ئاراوه. بزاڤی خوێندکاریی کوردی له به‌ر ئه‌وه‌ی که خاوه‌نی چه‌مک و تیوری تایبه‌ت نیه ته‌نیا له دۆخه قه‌یراناوی و رووداوه ورووژێنه‌ره‌کاندا رووی خۆی ئه‌نوێنێ و به شێوه‌یه‌کی خۆکرد رێکخستنی ناھاوئاھه‌نگ و کاتی پێک دێنێ که دوای تێپه‌ڕبوونی دۆخه‌که، به ته‌واوی داده‌مرکێ و رێکخستن و کۆبوونه‌وه‌که لێک دادهپچڕێنێ. ھه‌ندێ جار رووداوه‌کان ده‌توانن بۆشایی چه‌مک و تیوری پڕ بکه‌نه‌وه واته رووداو ده‌توانێ بزاڤ ھه‌ڵگیرسێن بێت به‌ڵام دوای رووداوه‌که بزاڤه‌که تووشی کێشه‌ی رێکخستن، کۆکردنه‌وه، واتا به‌خشین و راڤه و شیکاری پێگه‌و دۆخی خۆی و ده‌ورووبه‌ری ئه‌بێت.
M
کارگێڕانی بزاڤی خوێندکاریی کوردی کێن ؟ کارگێڕانی بزاڤی خوێندکاری ئه‌و که‌سانه‌ن که ئه‌زموونی سیاسی‌یان له خوێندکاربوون ھه‌بێت، واته ئه‌و که‌سانه‌ی که له که‌ش و ھه‌وای خوێندکاربووندا ئه‌زموونێکی سیاسی بھێننه کایه‌وه. کارگێڕانی بزاڤی خوێندکاریی کوردی به‌ده‌ر له دۆخی خوێندکاری ئه‌زموونی سیاسی خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن و ھانده‌ر و بزوێنه‌ره‌کانیان له ئه‌زموونی خوێندکاریه‌وه ھهڵناقووڵێ، ھه‌ر بۆیه ئه‌زموونێکی پته‌و و وه‌به‌رگر له بزاڤی خوێندکاریی کوردی‌دا نه‌ھاتووه‌ته گۆڕێ. زۆربه‌ی ئه‌و خوێندکارانه‌ی ئه‌زموونه سیاسیه‌کانیان له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خوێندکاریدایه، ته‌نانه‌ت خۆیان تێکه‌ڵی جووڵانه‌وه و ھه‌وڵه خوێندکاریه‌کان ناکه‌ن و ته‌نیا وه‌کوو چاولێگهرێک ده‌مێننه‌وه، ئه‌و تاقمه که ھه‌وڵی خوێندکاران به ساکار و کورته ئاست ئه‌بینن ھیچ کات چالاکی له شێوازێکی ئوبژکتیودا ئه‌زموون ناکه‌ن و ته‌نیا له خه‌ون و خه‌یاڵدا خۆیان وه‌کوو چالاکڤانی سیاسی ئه‌بیننه‌وه. ده‌وری ئه‌م تاقمه ته‌نانه‌ت له ده‌وری بێ لایه‌نه‌کان زه‌ره‌رمه‌ندتره له به‌ر ئه‌وه‌ی که نه ته‌نیا خۆیان ھیچ ھه‌وڵێک ئاراسته ناکه‌ن، ھوڵسووڕێنهران و کارگێڕانی بزاڤی خوێندکاری له شێوازی جۆراوجۆردا تاوانبار ده‌که‌ن.
N
سه‌رقافڵه‌بوون و نوێنه‌رایه‌تی بزاڤی خوێندکاریی کوردی به‌رده‌وام یه‌کێ له کێشه گرنگه‌کانی ئه‌م بزاڤه بووه که بانگه‌شه و لافلێدانی زۆری بۆ کراوه. سه‌رقافڵه‌بوون و رێبه‌رایه‌تی کردن له سیسته‌می رێکخراوی بزاڤه نوێکاندا زۆر جیاواز له سه‌رچه‌شنی بزاڤه کلاسیکیهکانه که له‌وێدا کاریزمایه‌ک ده‌یتوانی خۆی وه‌کوو نوێنه‌ر و ده‌نگی راسته‌قینه‌ی بزاڤێک بناسێنێ و لانیکه‌م به‌ده‌ر له شێوازی کاریزمایی به که‌ڵکوه‌رگرتن له زنجیره‌ی پله‌یی رێکخراوه، ده‌یتوانی ئه‌رک و ده‌وری رێبه‌رایه‌تی و سه‌رۆکایه‌تی بنوێنێ. بزاڤی شه‌به‌که‌یی تایبه‌ت به کۆمه‌ڵگای پاش-پیشه‌سازی له ده‌وری یه‌ک چه‌ق و ناوه‌ند پێکناھێنرێ به‌ڵکوو له به‌رامبه‌ر خاڵگه‌لێکی جیاواز و ناوه‌ندگه‌لێکی وردی به‌رگری پێکدهھینرێ که ھه‌ر ھه‌موویان ئه‌رکی سه‌رۆکایه‌تی و نوێنه‌رایه‌تی ده‌بینن. سیسته‌می ئه‌ستوونی رێکخراوه لێره‌دا وه‌کوو سیسته‌مێکی ئاسۆییه که ھه‌م وهبهرگریی و پانتایی زۆرتره و ھه‌میش کاریگه‌ری و توانستی به‌ھێزتره. که‌وایه ئه‌وانه‌ی خۆیان به ئاوانگارد و سه‌رلقی بزاڤی خوێندکاریی کوردی ئه‌زانن ته‌نیا ورده کارگێڕانێکن که له نێو بزاڤێکی کۆمه‌ڵایه‌تی وردکراوترو له ھه‌مبه‌ر کێشه‌یه‌کی وردتردا ھه‌ڵوێست و چالاکی ئه‌نوێنن. بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه نوێکان نه دهسپێکهریان ھه‌یه و نه ته‌واوکه‌ر، به‌ڵکوو ته‌نیا کارگێڕ و ھهڵسووڕێنهریان ھه‌یه، ته‌نانه‌ت به واتای باو و ناسراو، سه‌رۆک و نوێنه‌ریان نیه، به‌ڵکوو له چوارچێوه‌ی ئه‌م بزاڤه‌دا ھه‌ر که‌سێک نوێنه‌ری خواست و ویستی خۆیه‌تی. ئاوانگارد ته‌نیا ئه‌و که‌سه‌یه که ھه‌ست به دۆخی نوێ ده‌کات و به شێوه‌کی نوێ ھوڵدهسووڕێ. توندڕه‌وی کوێرانه و دروشمی توندوتیژانه و ژێستی سه‌رۆکایه‌تی و نوێنه‌رایه‌تی ھیچ کام به پێوه‌ری ئاوانگاردیسم ناژمێردرێن. له چوارچێوه‌ی بزاڤی خوێندکاریی کوردی‌دا که‌سانێک ده‌بینرێن که‌وا ھه‌ست ده‌که‌ن به جیاکردنه‌وه‌ی رووکه‌شیانه‌ی ده‌نگ و ره‌نگی خۆیان ده‌توانن جیاواز بن و مۆرکی رادیکاڵیسم، ئاوانگاردیسم یان ریپرێزینتایشنیسم به خۆیانه‌وه بلکێنن. به پێی پێوه‌ره‌کانی رادیکاڵیسم، واته ره‌خنه‌ی نیگه‌تیڤ ئه‌م چه‌شنه لایه‌نانه ناتوانن رادیکاڵ بن، له به‌ر ئه‌وه‌ی له پێناوی به‌رزکردنه‌وه و پڕوپاگه‌نده بۆ لایه‌نێکی دیاریکراو ره‌خنه له لایه‌نه‌کانیتر ده‌گرن و ئه‌مه‌ش له بازنه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌دا ناگونجێ .
سه رچاوه : ماڵپه ری رونان - وه رزنامه ی زریبار

